حكومەتی عێراق بە نووسراوی فەرمی حکومەتی هەرێمی كوردستانی ئاگادارکردووەتەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بكات، بڕی گەنمی وەگیراوی هەر پارێزگایەكیشی دیاریکردووە و سەرجەمی دەكاتە 442 هەزار تەن.
رۆژی دووشەممە 12-6-2017، بە نووسراوی فەرمی حكومەتی عێراق وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستانی ئاگاداركردەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكات.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان راگەیاندووه، لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە 175 هەزار و 563 تەن لە پارێزگای دهۆك، 151 هەزار و 114 تەن لە پارێزگای هەولێر و 115 هەزار و 884 تەنیش لە پارێزگای سلێمانی (بە پارێزگای هەڵەبجەشەوە) وەربگرن، جەختیشیان لەوە كردووەتەوە لەو بڕە زیاتر وەرنەگرن.
ئەمساڵ بە بڕیاری ژمارە 117 ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەر جووتیارێك گەنم رادەستی حكومەتی عێراق بكات، لە ماوەی هەفتەیەكدا پارەی گەنمەكەی وەردەگرێ، بەڵام وەك نەوزاد ئەدهەم گوتی "ئەو بڕیارە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە".
لەبارەی پارێزگای کەرکووکیش فەلاح حەسەن، بەڕێوەبەری سایلۆی پارێزگاکە راگەیاند، لە 22 ی مانگی رابردووەوە دەستیان بە وەرگرتنی گەنم کردووە، تائێستاش 74 هەزار تەنیان وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەشدا هەرچەندە خۆیان توانای وەرگرتنی 150 بۆ 160 هەزار تەنیان هەیە، بەڵام بەپێی ئەو پلانەی دانراوە 210 هەزار تەن وەردەگرن.
لەبارەی پارەکەش گوتی: "لەگەڵ وەرگرتنی گەنم پارەکە دەدرێت، بەڵام ئەمساڵ تەنها 12 ملیار دینار و نیومان بۆ هاتووە، لەو پارەیەش 785 چەکمان داوەتە جووتیاران، دەنگۆی ئەوەش هەیە 30 ملیار دیناری دیکەمان بۆ تەرخان بکەن".
بەراورد بە ساڵانی پێشوو ئەمساڵ حكومەتی عێراق بە نرخێكی كەمتر گەنمی جووتیاران دەكڕێتەوە، بەجۆرێك بۆ یەك تەن گەنمی پلە یەك 560 هەزار دینار، بۆ پلە دوو 480 هەزار و بۆ پلە سێش 420 هەزار دیناری دیاریكردووە، لەكتێكدا لە ساڵانی رابردوودا بۆ یەك تەن گەنمی پلە یەك 700هەزار، بۆ پلە دوو 600 هەزار و بۆ پلە سێش 480 هەزار دینار بوو.
وهرگیراوه
No comments:
Post a Comment