گەشتی ژیانی ماندوویی نەناسەکی پەروەردە و زانست،مامۆستا (عەبدولڵا ساڵح ئیبراهیم)، ناسراو بە
مامۆستا (عەبدولڵا ساڵح گۆران)، لەساڵی ۱۹٥٤ لە گوندی (گەلووک)ی سەربە قەزای (بەردەڕەش) ی ناوچەی گۆرانەتی لە دەڤەری (بادینان) دایکبووە.
ساڵی ۱۹٦۰ چووەتە قوتابخانە، سەرەتای خوێندنی لە گوندی (کانیلان) بووە، تا پۆلی پێنجی سەرەتایی لە گوندی (کانیلان) خوێندووە، دوای چووەتە شاری موسل (نینوی) لە قوتابخانەی ئەمین(مدرسە الامین) ی ئێواران پۆلی شەشی سەرەتایی تەواوکردووە. وەکو خۆی گووتی: بەڕۆژ کارم دەکرد و ئێوارانیش دەم خوێند، ڕۆژانە دانێک لە چایخانە بووم بە ڕوبعێک و دانەکەی تریش لە کەبابخانە بووم بە ڕوبعێک، واتاڕۆژانە بە نیو دینار کاری کردووە بۆ ژیان و بژێوی خۆی.
ساڵی ۱۹٦٨ قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە، هەر لە هەمان ساڵ لەشاری (موسل) گەڕاوەتەوە و چووەتە ناحیەی (دینارتە) ی سەربە قەزای (ئاکرێ) ، لە لای مامۆستا مەلا (شێخ نوری شێخ یەحیا) وانەی ئایینی خوێندووە بۆ ماوەی شەش مانگ، پاشان لە ساڵی ۱۹٦۹هاتووەتە ناحیەی (کەڵەک) لە لای مامۆستا مەلا (ئەکرەم سەعدی) وانەی خوێندووە تا ساڵی ۱۹۷۰، واتا بۆ ماوەی دووساڵ لەلای وانەی خوێندووە و تەدریسی کردووە.
وەکو خۆی گووتی مامۆستا مەلا (ئەکرەم) زانایەکی شارەزابووە و زانستێکی زۆری هەبووە، زانستێکی زۆرباشی لە لای مامۆستا ئەکرەم خوێندووە و ، بەو زانایە کاریگەر بووە. (بەم دوایانە مامۆستا مەلا ئەکرەم بەو تەمەنەوە لە شاری (موسل) دەستی چەپەڵ تیرۆریان کرد، خوای گەورە پلەی بەرزکاتەوە).
دوای چووەتە گوندی(کەونەباک)، لەلای مامۆستا مەلا (عەبدولڵا تەلەخێمی)، (٤۰) ڕۆژ وانەی خوێندووە.
پاشان هاتووەتەوە ناحیەی (کەڵەک)، ئەمجارە لەلای مامۆستا مەلا (ئەبوبەکر) وانەی خویندووە.
ساڵی ۱۹۷۱ـ ۱۹۷۲ شۆڕش بڕیاریێکی دا بوو،کە فەقێیەکان تاقیکردنەوە بکەن بە ماددەی موئەقەتە، بۆ ئەم مەبەستە لە شاری (هەولێر) لە مزگەوتی گەورەی قەراتێ تاقیکردنەوەی کردووە و دەرچووە، بۆتە پۆلی پێنجی ئامادەیی لە پەیمانگای ئیسلامی لە هەولێر.
ساڵی ۱۹۷۲ چۆتە شاری بەغدا بۆ سەردانی برایەکی کە لە مەعسکەر ڕەشید سەربازبووە. جلی کوردی لەبەر بووە، ئەو شوێنەی چووە بۆی قەدەغە بووە، دوو ئەمن داوای پێناسیان لێکردووە و پرسیاریان لێکردووە، ئەویش دەڵێ بۆ سەردانی برای هاتووە، لەوێ بردوویانە بۆ ئەمنی عامە و زیندانیان کردووە، لە ژوورێک بووە کوردێکی زۆر لەوێ زیندان بووە، یەکێک لە کوردەکان لە تەنیشت خۆی شوێنی بۆ کردووەتەوە، ماوەی دوو ڕۆژ گیراوە و لێدان و ئەزیەتی زۆریان داوە و دوای چوونە تەئکیدیان کرووەتەوە برای لەوێ عەسکەربووە ،ئینجا بەریانداوە و داوای لێبووردنیان لێکردووە.
لە ساڵی ۱۹۷۳ لە پەیمانگای ئیسلامی لەشاری (هەولێر) پێنجی ئامادەیی تەواوکردووە.
ساڵی ۱۹۷٤ لە پەیمانگای ئیسلامی لە شاری (هەولێر) نیوەی ساڵ بە تێکرای (۹۰) دەرچووە، لە ۱۱ ی مانگی ۳ خەڵک چووینە چیا بۆ بەرگری لە خۆکردن، ئەوانیش ماڵیان چۆتە گوندی (مێرسیدان) لە لای قەزای (شێخان)، دوای ئەوەی کە ڕژێم هێرشی هێناوە بۆ ناوچەکە و نزیک بووەتەوە ، شەو لە ئەشکەوت بوونە مامۆستا گووتی: بەیانی لە خەو هەستام لە ژێر بالیفەکەم دووپشکێکی زۆر گەورەی ڕەش هەبوو، پێوەی دابام دەیکوشتم، خوا ڕوحمی پێمان کرد.
دوای بۆ لای( بلێ و بارزان) ڕۆیشتوون. پاشان هاتوونەتەوە گوندی (مێرسیدان) و ئەمجارە بەماڵەوە چوونەتە ناحیەی (گەلالە)، لە (گەلالە) لەسەر پردەکە دوکان داناوە و بووەتە سەعاتچی، گووتی: کەلە (گەلاله) بووم ، مامۆستا مەلا(محەمەد )باوکی عیماد بە ڕەحەمەت بی، ئەویش لەوێ بوو، ڕۆژێک هاتە لام و پێم گووت: دەچمە مزگەوت و نوێژدەکەم ، لەسەر کورسییەکەم دانیشت و منیش چووم بۆ مزگەوت، دوای تەیارە هات و بۆمبارانیکرد، مەلا (محەمەد) ساچمەی بەرکەوتبوو، برینداربوو، بردبوویانە خەستەخانە، دوای چووم سەردانم کرد ، لەخستەخانە، ساچمە بەر ڕانی لە دواوە کەوتبوو، باشبوو سەلامەت بوو، بەداخەوەچەندکەسێکی تریش لەو بۆمبارانە پارچە پارچە ببوون.
لە ساڵی ۱۹۷٤ لە (بابەکراوە) لە ناوداران بووە لە (چۆمان) تاقیکردنەوەی پۆلی شەش بۆ قوتابییان ئەنجامدراوە، ئەو نەیزانیوە، دوای چۆتە لای مامۆستا مەلا (عومەر مەلاقەرەیی) ئەویش پرسیاری بۆ داناوە و تاقیکردنەوەی کردووە و بە تێکرای نمرەی (٦٤) لە پۆلی شەش دەرچووە.
پاش هەرەسی شۆڕەش ئاوارەی (ئێران) بووە، لە ئێران چووەتە سەربازگەی (بوردجەرد) هەتاوەکو مانگی (٤) ماوەتەوە، دوای هەر لە ئێران چووەتە (سەبزاب).
لە ئێران بە شەهادەی شەش بووەتە مامۆستا و وانەی بە ئاوارە کوردەکان لە ناو خێمە گووتەوە.
لە مانگی (۱۰) ی ساڵی ۱۹۷٥ گەڕاوەتەوە بۆ عێراق گووتی: لە سنوور لە (پەروێزخان) بە لۆری ئێمەیان هێناو بە ناو (خانەقین) داهاتین و دەنکە شەقاتەیان تێدەگرتین! بە داخەوە!. هاتینە (بەغدا) عەرەبەکان پلکە شەفتیان تێدەگرتین! تا ئێمەیان هێنا بۆ شاری (ناسریە) لە خوارووری عێراق لە قەزای (شەترە).
هەشت ماڵ هەشت ماڵ دایانناین، چوار سۆرانی و چوار بادینی.
(سامی) کوڕە گەورەی لە ساڵی ۱۹۷٦ لە (شەترە) لە دایکبووە.
مامۆستا کۆلی نەداوەو بەردەوام بووە، عەریزەی نووسیوە بۆ ئەوەی لە پەیمانگای ئیسلامی لە شاری (بەغدا) وەرگیرێت و بخوێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد بووە و ئاوارە بووە پێیان گوتووە دەبێت بچێتە شاری (بەسرە) مامۆستا گووتی: بلێن هەڕوە (کوێت) یش دەچم. چووەتە شاری (بەسرە)، لە پەیمانگای ئیسلامی بۆ خوێندن، لەبەر ئەوەی عەرەبیەکەی زۆر باش بووە و زانستێکی باشی پێبووە، لە هەموو ئەو جێگەیانە پەکی نەکەوتووە و ڕێزیان لێناوە.
لە شاری (بەسرە) جارێکی تر تاقیکردنەوەیان پێکردووە چونکە دانیاننەناوە بە شەهادەی کوردستان، لە تاقیکردنەوەکە (۹۰) ی هێناوە و پێی کاریگەربوونە کە قوتاببیەک تازە بێت و ئەو نمرە بەرزە بێنێت، لە پۆلی شەش تێکڕای نمرەی(٨٨) بووە.
تەقدیمی کۆلێژی شەریعەی کردووە لە کۆلێژی ئیمام ئەعزەم و پێنجەمین کەس بووە لە ناو وەرگیراوەکان.
لە ساڵی ۱۹۷۷ کە کۆمەڵگەیان بۆ ئاوارە گەڕاوەکان ئەوانەی پێیان دەگوتن(عائیدون) لە دەوروبەری شاری هەولێر و شارەکانی تر وەکو کۆمەڵگەی (خەبات ، کانی قرژاڵ، پیرزین،..) دروستکرد، سەرەتا هاتوونەتەوە (شاوێس) ئینجا دوای هاتووەنەتەوە (خەبات) ئەو کات (٥۰۰) پێنج سەد خانوویان بۆ گەڕاوەکان لێ دروستکرد.
ساڵی ۱۹۷۹ تاساڵی ۱۹٨۰ بۆ ماوەی دووساڵ لە شاری (بەغدا) بۆتە پێشنوێژ و وتارخوێن (امام والخطیب) لە مزگەوتی (الفاروق) لە گەڕەکی (شەعب) بە مانگانەی (۳۰) دنیار کە خاوەنی مزگەوتەکە داویەتێ چونکە
مزگەوتەکە ئەهلی بووە، هەر لە ناو مزگەوتەکەش ماوەتەوە.
پاش دەرچوون لە کۆلێژی شەریعە، مامەلەی دامەزراندنی کردووە، ناوی لە شاری هەولێر هاتووەتەوە، لە ٥ - ۱ - ۱۹۸۱ فەرمانی دامەزراندنی دەرچووە.
بۆ یەکەمجار لە شاری (کۆیە) لە گوندی (هەرمۆتە) وەکو مامۆستای زمانی عەرەبی و ئاین دامەزراوە، لە ۷ - ۱ - ۱۹۸۱ یەکەم موباشەرەی دەست بەکاربوونی کردووە و بە مووچەی مانگانەی( ۱۰٦) دینار.
ماوەی (٦) ساڵ لە (کۆیە) گوندی (هەرمۆتە) مامۆستا بووە.
پاشان هاتووە بۆ شاری (هەولێر) ، لە قوتابخانەی (ئیبن خەلەکان) ماوەی (۳) ساڵ وانەی گووتەوە ، دوایی هەر لە شاری(هەولێر)چووەتە قوتابخانەی ( نیضال) هەتا ساڵی ۱۹۹۱ لە هەولێر بووە.
پاش ڕاپەرینی ساڵی ۱۹۹۱ هاتووەتەوە (خەبات)، چونکە برایەکی لە (ئێران) بووە و لەبەر ئەوە نەیویستووە دەرکەوێت لە بەر پیاوانی ڕژێم. لە(خەبات) لە قوتابخانەی دواناوەندی (خەباتی نوێ) ی کوڕان
وەکو مامۆستای عەرەبی و ئاین دەست بەکاربووە، ئەوکاتی مامۆستا (ئیسماعیل عەوێنەیی)، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی (خەباتی نوێ) ی کوڕان بوو، ماڵی لە شاری (هەولێر) بوو، دوای مامۆستا ئیسماعیل، خۆی گواستەوە بۆ (هەولێر)، مامۆستا (عەبدولڵا)، بووەتە بەڕێوەبەری دواناوەندی (خەباتی نوێ) ی کوڕان، ماوەی (۱۰) ساڵ خزمەتی کردووە هەتا ساڵی ۲۰۰۲
پاشان وازی هێناوە لەبەر چەند هۆیەک لە پێناو قوتابخانەکە داوای کردووە و بۆیان جێ بەجێ نەکردووە، ئەویش دەستی لە کار کێشاوەتەوە.
سەردەمی مامۆستا (عەبدولڵا ) قوتابخانەی دواناوەندی خەباتی نوێ بە قۆناغێکی گرنگ و زۆرباش تێپەڕیوەو سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەخت و ناهەموارەی ئەو کاتی،سەرەڕای خوێندن و لایەنی پەروەردەیی بۆیەکەمجار لە دواناوەندی (خەباتی نوێ) قوتابییان شانۆگەری یان پێشکەش کردووە و چالاکی یان ئەنجامداوە.
لە ژیانی مامۆستایەتیدا کۆمەڵێکی زۆر قوتابی پێگەیاندووە. بەرهەمی زۆر باشی هەبووە. کە ئەمڕۆ لە بوارە جیاجیان خزمەتدەکەن.
مامۆستا لەو سەردەمیش ماوەیەک، دوای دەوامی قوتابخانە، دوکانی هەبووە، سەعاتچی بووە.
دوایی هەر لەناو (خەبات) چووەتە قوتابخانەی (شۆخان) لە مامۆستایەتی بەردەوام بووە، لەوێش دوای بینینی هەندێک کاری نایاسایی لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەو کاتی نێوانی تێکچووە.
لەسەر داوای خۆی ساڵی ۲۰۰٦-۲۰۰۷ هاتووەتە قوتابخانەی دواناوەندی (خەباتی ئێواران) کە ئەوکات بەڕێوەبەرەکەی مامۆستای کۆچکردوو (عەبدولسەمەد ئیسماعیل) بوو بە ڕەحمەت بێت.
هەر لە ساڵی ۲۰۰۷ دوکانی فۆتۆکۆپی لەناو (خەبات) داناوە. کاری دابەشنامەی شەرعی(قسام شرعی) کردووە و دادوەرەکانی دادگای (خەبات) خەڵکیان بۆلای ناردووە چونکە شارەزابووە.
ساڵی ۲۰۰۷ مۆلەتی شارەزای دابەشنامەی شەرعی (خەبیری قەسام شەرعی) لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر ، تاقیکردنەوەی کردووەو دەرچووە
مۆلەتەکەی وەرگرتووە.
ساڵی ۲۰۱٥ تا ۲۰۱۷ بۆتە بەڕێوەبەری دواناوەندی (خەباتی ئێواران) ی کوڕان.
تا لە ۳۰ -٦- ۲۰۱۷ خانەنشین بووە. ڕۆژی هەینی بووە.
ساڵی ۲۰۱۷ مۆڵەتی وەرگێڕان (ئیجازەی تەرجومەّ) ی وەرگرتووە ،لە کوردی بۆ عەرەبی وە لە عەرەبی بۆ کوردی.
هەروەها لە ساڵی ۲۰۱۸ مۆڵەتی عەریزە نووسینی وەرگرتووە.
مامۆستا عەبدولڵا، ڕاست و هەقگۆ ،ناڕاستی و هەلەی قەبول نەکردووە. خەمخۆری قوتابییان و پیشەکەی بووە و لەم پێناوە باجی داوە.
مامۆسا، لە پاڵ خوێندنەکەی و مامۆستایی، بۆ بژێوی ژیانی و ماڵ و منداڵەکانی بۆ ئەوەی ژیانێکی سەربەرزان بگوزەرێنێ و پێویستی بەکەس نەبێت.
کاری تری کردووە.
ئاوارەی و ناخۆشی و زەحمەتی زۆری دیوە، بەڵام کۆلی نەداوە و بەردەوام بووە، وازی نەهێناوە تا خوێندنی تەواوکردووە.
ئێستاش وەکو شارەزای دابەشنامەی شەرعی (خەبیری قەسام شەرعی) لە دادگای بەرایی (خەبات ) کاردەکات.
شایانی باسە مامۆستا (عەبدولڵا)، لە ژیانی دا دوو جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە.
جاری یەکەم لە ساڵی ۱۹۷۳.
جاری دووەم ساڵی ۱۹٨۳، خاوەنی (٦) کوڕ و (٥) کچە.
تەمەن درێژبن.
هیوای تەمەن پڕ لە خێری و ساغ و سەلامەتی بۆ دەخوازین و پایەداربێت مامۆستای بەڕێز و ئازیز.
تایپ و نووسینی بابهت :. میعاد عبدالقادر
No comments:
Post a Comment