
ناسک ژنێکی تەمەن ۳۰ساڵە و بەوتەی خۆی بەھۆی گومانەوە جیابوومەوە و لەئێستاشدا ھەر بەگومان براکانم بەقسەی دایکم دەیانەوێت بمکوژن.
ناسک کاتێک قسەی بۆ دەکردم بەگریانێکی بەکوڵ و بەدەنگێکی نزم و لەسەرخۆ، بەجۆرێک کە قسەکانی زیاتر لەکاردانەوەی زوڵمێک دەچوو نەوەک دەردەدڵ.
لەبارەی بەسەرھاتەکەیەوە، دەڵێت: ماوەی ٦مانگە مێردەکەم تەڵاقی داوم و کوڕێکم لێی ھەیە، تەمەنی ساڵێکە لەئێستادا لەماڵی خوشکێکمدام و ماوەی ۲ مانگیش لە شێڵتەر داڵدە درابووم.
وتیشی: براکانم دەیانەوێت بمکوژن و دایکم لەبری ئەوەی ئامێزم بۆ بکاتەوە زیاتر ھانی براکانم دەدات و پێم دەڵێت نابێت لەمشارەدا بیت یان بڕۆ بۆ شێڵتەر یاخود بە براکانت دەڵێم بتکوژن.
وەکخۆی ئاماژەی پێدەدات خوشکەکەی تاکە کەسە کە بەپاکی ناسک دەزانێت و ھەموو ئەوەی کەبەسەریدا دێت تەنھا گومانێکەو ھیچیتر، تاکە کەسیشە بەرگری لێدەکات و ئامادەی ھەموو شتێکە لەپێناویدا بیکات بۆئەوەی پاکی ناسک بسەلمێنێت.
ناسک باسی ھۆکاری کێشەکەی کرد و وتی: مێردەکەم زۆر دڵی لێم پیسبوو ھۆی دڵپیسییەکەشی ئەوەبوو کە ھەر چەندڕۆژێک دوای ئاھەنگی گواستنەوەمان وەک ھەموو دوو ھاوسەرێک کەبێ دەربەست دەبن لەپەیوەندییە پێشینەکانیان لەگەڵ کەسانی تر دان بەڕاستییەکاندا دەنێن بۆیەکتر و پێموت پێشتر من کوڕێکم خۆش ویستووە، بەڵام لەئێستادا ئەو خێزانی پێکەوە ناوەو منداڵیشی ھەیەو ھیچ جۆرە پەیوەندییەکمان لەنێواندا نەماوە.
ئەم ڕستەیە بەس بووە بۆ وێرانکردنی ژیانم بەدەستی خۆم، بووە ھۆی ئەو ھەموو ھەڕەشەو سوکایەتییەی کەپێم دەکرێت و لەسەرمنە، ئەم ڕستەیە و نامەیەکی کۆنی فەیسبووکەکەم کەپێشتر بۆ ئەو کوڕەم ناردبوو، ھەوێنی کێشەی من و ھاوسەرەکەم بوو تاوەکو جیابووینەوە و لەئێستاشدا ھەوێنی ترس و بیمێکی زۆرە لەسەر ژیانم و لەھەر ساتێکدا بێت، ڕەنگە لەلایەن براکانمەوە بکوژرێم.
ھاوسەرەکەم نەک وەک ڕاستییەکی پاک لەو ڕستەیەی نەڕوانی، بەڵکو کردی بەداردەستێک و لەھەموو ساتێکدا دەیوتەوە بەڕوومدا، تا کارگەیشتە ئەوەی ڕۆژێک ھێنامیەوە بۆ ماڵی باوکم و بەبراکانمی وت ئەوە کچەکەتانە بەقسەی خۆی لەگەڵ یەکێکی تردایە.
ناسک لەو ڕۆژەی گەڕاوەتەوە بۆماڵی خوشکەکەی چەندجارێک براکانی ھاتوونەتە سەریان و ویستوویانە بیکوژن و خەڵک کەوتۆتە نێوانیانەوە، بەوتەی خۆشی لەئێستادا لە ماڵی خوشکەکەی کەمێک ھەست بەئاسوودەیی دەکات، بەڵام لەترسێکی بەردەوامدا دەژی و دەڵێت"ھەر ڕۆژێک بێت براکانم دەمکوژن".
خەمێکی دیکەی ئەو خانمە، لەئێستادا کە لەھاوسەرەکەشی جیابۆتەوە، ئەو تێگەیشتنە ھەڵەیە کە کەسوکار و خانەوادەی خۆشی لەسەری ھەیانە و نازانێت چۆن ڕاستیەکەیان بۆ ڕوون بکاتەوە.
No comments:
Post a Comment