بەخێربێن بۆ ماڵپەڕی قەزای خەبات ماڵپه‌ڕی قه‌زای خه‌بات: گرووپی ئەمریکی کاری ئاییندەی عێراق: نابێ ئەمریکا دژایەتی گشتپرسیی کوردستان بکات

2017-08-28

گرووپی ئەمریکی کاری ئاییندەی عێراق: نابێ ئەمریکا دژایەتی گشتپرسیی کوردستان بکات


راپۆرتێكی نێودەوڵەتی داوا لە ئیدارەی ئەمریكا دەكات لە كێشە و ململانێی نێوان بەغدا و هەولێردا رۆڵێكی كاریگەرتر بگێڕێ بۆ نزیككردنەوەی هەردوولا، بەڵام جەختیش دەكاتە سەر ئەوەی كە نابێ هەڵوێستێكی لایەنگرانە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكیان نیشان بدات. 

ئەو راپۆرتە لە كاتێكدایە كە واشنتن لە كێشەی نێوان هەردوولایەندا تا ئێستا لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق هەڵوێست نیشان دەدات و داوا دەكات گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دوابخرێ.

راپۆرتی گرووپی كار بۆ ئایندەی عێراق لەژێر ناوی "بەدیهێنانی سەقامگیرییەكی درێژخایەن بۆ گەرەنتیكردنی لەناوبردنی داعش" كە بە سەرپەرشتیی باڵیۆز رایان كرۆكەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق ئامادە كراوە، تیشك دەخاتە سەر عێراقی پاش داعش و ئەگەرەكانی بەدیهاتنی سەقامگیرییەكی هەمیشەیی كە رێ لە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بگرێ.

كرۆكەر كە جگە لە عێراق، لە ئەفغانستان، پاكستان، سووریا، كوێت و لوبنانیش باڵیۆزی وڵاتەكەی بووە، لە پێشەكیی ئەو راپۆرتەدا، دەنووسێت، ئێستا حكومەتی عێراق كە لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێ "خەریكە هەموو ئەو خاكە كۆنترۆڵ دەكاتەوە كە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دەستی بەسەردا گرتبوون، ئێمە لەم راپۆرتەدا ستراتیژێك دەخەینە روو كە كۆمەكی ولایەتە یەكگرتووەكان بكات تاوەكو لەسەر بنەمای ئەم سەركەوتنە، شكستی یەكجارەكی بە داعش بهێنێ و هاوكات بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ درێژخایەن گەرەنتی بكات".

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، گرووپی كار بۆ ئایندەی عێراق بە درێژایی ساڵی 2016 خەریكی لێكۆڵینەوەیەكی ورد بوون لەبارەی ئەوەی كە چۆن ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بتوانێ بەرژەوەندییەكانی خۆی لە عێراقدا بە باشترین شێوە بپارێزێ. بۆ ئەمەش چەندین جار سەردانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، نەجەف، عەممان و بەرلینیان كردووە و دوو جاریش لە واشنتنی پایتەخت لەگەڵ سیاسەتوانانی عێراقی و سەركردە ئاینییەكان و فیگەرەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ژمارەیەكی زۆر شارەزا و پسپۆڕ و كاربەدەستی بیانیش دانیشتوون.

بەشێك لە ئەندامانی گرووپی كار بۆ ئایندەی عێراق بریتین لە مایكڵ باربیرۆ، جێگری سەرۆكی ئەركانی پێشووی هێزە فرەڕەگەزەكان لە عێراق. د.بین كونابل، گەورە شرۆڤەكاری سیاسەتی نێودەوڵەتی لە دامەزراوەی راند. د.توبی دودج، بەڕێوەبەری سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆلێژی لەندەن بۆ ئابووری. 

هەروەها سەرهەنگ حەمەسەعید، بەڕێوەبەری پرۆگرامەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ولایەتە یەكگرتووەكان بۆ ئاشتی. كاوە حەسەن، بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە پەیمانگەی رۆژهەڵات- رۆژئاوا و د.فالح عەبدولجەبار، سەرۆكی پەیمانگای عێراق بۆ لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكان لە بەیروت. مایكڵ نایتس، توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی نزیك و دینیس ناتالی، گەورە توێژەر لە زانكۆی بەرگریی نیشتمانی و زۆری دیكەش.

راپۆرتەكە دێتە سەر ئاستەنگەكانی بەردەم عێراق وەكو دەوڵەتێكی شەكەتبووی دەستی جەنگ كە ئێستا لەبەردەم هەڕەشەی لێكترازان و هەڵوەشانەوەدایە. لە بەشێكیدا دەڵێت كە متمانە و نیازپاكی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا نەماوە "هەرێمی كوردستان خۆی وەكو قوربانییەك دەبینێ، لە كاتێكدا بەغداش خۆی وا دەبینێ كە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی خراپ سوودی لێوەردەگرێ. بەڵام تێكچوونی پەیوەندییەكان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكیان نییە و خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاش ناكات".

هەروەها دەڵێت: "هیچ گومان لەوەدا نییە كە زۆرینەی كورد لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆن، بەڵام لەناو خۆیشیاندا ناكۆكیی گەورە هەیە لەبارەی ئەوەی كەی و چۆن ئەوە روودەدات. لەگەڵ ئەوەش كۆدەنگییەكی تەواو هەیە لەسەر ئەوەی كە پرۆسەكە دەبێ بە جۆرێك بەڕێوەبچێ، هەرێمی كوردستانی سەربەخۆ لە پەیوەندییەكی زۆر دۆستانەدا بمێنێتەوە لەگەڵ بەغدا، بەتایبەتی لە هەردوو بواری ئابووری و ئەمنی".

بەڵام وەك راپۆرتەكە دەڵێت، ئەگەری ئەوەش هەیە كە جەنگێكی دیكەی نێوخۆیی لەسەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بەرپا ببێ. بۆیە ئەوە بەبیری واشنتن دەهێنێتەوە كە ئەمریكا "تاكە لایەنە هەردوو تەرەفی ناكۆكییەكە لە عێراقدا متمانەی پێ دەكەن.. بۆیە زۆر پێویستە لەگەڵ هەردوو لا لە گفتوگۆدا بێت".

بەڵام جەختیش دەكاتە سەر ئەوەی كە "نابێ ولایەتە یەكگرتووەكان هیچ هەڵوێستێكی لایەنگرانە لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی كوردستان یان لە دژی نیشان بدات، بەڵكو تا ئەو شوێنەی كە دەتوانێ، دەبێ هاوكاریی هەردوولا بكات ئەو ئامانجانە بەدی بهێنن كە بۆخۆیان داناوە".

راپۆرتەكە داواش لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات كە هەمان هەڵەی ساڵی 2011 دووبارە نەكاتەوە ئەوكاتەی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی باراك ئۆباما، لەژێر ناوی "كشانەوەیەكی بەرپرسیارانە" دا، لە كۆتایی ئەو ساڵە سوپاكەی لە عێراق كێشایەوە و وڵاتەكەی لەناو تەپوتۆزی فەوزا و بێسەروبەریدا بەجێهێشت.

لەو رووەوە داوا دەكات كە واشنتن ئامادەگییەكی بەهێزی سەربازی لە عێراقدا هەبێ و گۆڕەپانەكە بۆ نفوزی ئێران و گەڕانەوەی چەكدارە توندڕەوەكان چۆڵ نەكات. 

No comments: