لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەنێوان موسڵمانانی بۆرما و سوپای ئەو وڵاتە بە پشتگیریی گرووپە بودییەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵکی کوردستان پشتگیری زۆریان بۆ موسڵمانانی ئەو وڵاتە دەربڕی و، زۆرترین وێنەی "ئەو تراژیدیایە بڵاودەکەنەوە"، تەنانەت گەنجێکی کورد دەڵێ "وام لێهاتووە بۆ جیهادکردن بچمە بۆرما".
ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە و دەگوترێت "ئەمە حاڵی ئێستای موسڵمانانی بۆرمایە" ئەوەندە ئازاربەخشن، ناخ دەهەژێنن، وایان لە گەنجێکی کورد بەناوی ئاکام زرار کردووە، بیر لەوە بکاتەوە بچێتە بۆرما.
هەرچەندە رەوش لە بۆرما (میانمار) بۆ موسڵمانان سەختە و لەوەتەی لە 25ـی مانگی رابردووەوە شەڕە، بەگوتەی رێکخراوە مرۆییەکان زیاتر لە 400 کەسی موسڵمان "سوپا دەڵێ زۆربەیان چەکدار بوون" کوژراون، بەڵام بەهۆی وێنە تراژیدییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی فەیسبووک و، سەرچاوەی ناڕاست، ئەو گەنجە کوردە لەوەباوەڕەدایە سێ هەزار موسڵمان بە دڕندانەترین شێوە لەو چەند رۆژەدا ئەشکەنجەدراون، سووتێنراون و کوژراون.لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە موسڵمانان پشتگیری لە موسڵمانانی بۆرما دەکەن، بەڵام هەندێک کەس و لایەن بۆ جوڵاندنی هەستی موسڵمانان، یان تەنیا بۆ دەستکەوتنی ئاکتیڤیتیی زیاتری پەیجەکانیان وێنەی زۆر تراژیدی و گرافیک بڵاودەکەنەوە و دەڵێن ئەمە رەوشی ئێستای موسڵمانانی بۆرمایە.
حکومەتی ئەو وڵاتە چوونە شوێنی شەڕەکانی لە رۆژنامەڤانان و ئاژانسەکانی هەواڵ قەدەخە کردووە، بۆیە کەمترین وێنەی ئەو شەڕە هەیە، ئەو شتانەشی کە باسیان لێوە دەکرێت، زۆربەیان گوتەی گەواهیدەرەکانی شەڕەکانی ئەم چەند رۆژەن و، وێنەی کوژراوانی ئەو شەڕە نین.
بەشێک لەو وێنانەی دەگوترێت هی خەڵکی بۆرمان:
لەڕاستیدا ئەمە گومانی ئەوەی لێکراوە چەکدارێکی گرووپی بۆکۆ حەڕام بووە(گرووپێکی تووندڕەوە لە نایجیریا و بەهەمان شێوەی داعش تۆمەتبارە بە کوشتن و رفاندنی کچان و بەکۆیلەکردنیان) و دوای ئەوەی دەستگیرکراوە، بەمشێوەیە سزادراوە
ئەمانەش خەڵکی موسڵمانی بۆرما نین، بەڵکو خەڵکی ئەندۆنیسیان و لەسەر کێشەی
زەویوزار دەستگیرکراون، وێنەکە هی ساڵی 2014ـیە
ئەم وێنەیەش خەڵکی بۆرما نین، بەڵکو ئەمە کشمیرە و لە خۆپیشاندانێکدا شەڕ دروستبووە، ساڵی وێنەکە بەتەواوەتی دیار نییە، بەڵام میدیاکانی هیندستان و پاکستان لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕ لە کشمیر بەردەوام ئەو وێنەیە بەکاردەهێننەوە.
بەپێی هەواڵێکی مانگی ئاداری ئەمساڵی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی،ئەم منداڵە لەلایەن زڕدایکییەوە لە زیمبابوای هەردوو چاوی دەرهێنراون
دەگوترێت، ئەم ژنە نایجیرییە دوو منداڵی رفاندووە لەکاتێکدا ویستوویانە بچنە قوتابخانە، بەڵام لەلایەن ژنێکی دیکەوە وەستێنراوە، پرسیاری لێکراوە و ئاشکرا بووە، بۆیە بەمشێوەیە سزادراوە.
ئەمەش یەکێکە لە وێنەکانی فۆتۆگرافەری بەناوبانگ، لاری بورۆس، کە لە شەڕی ڤیێتنام لە ساڵی 1963ـدا گرتوویەتی و هیچ پەیوەندییەکی بە بۆرماوە نییە.
ئەم وێنەیە لە ساڵی 2011ـدا خەڵاتی باشترین وێنەی بردەوە، تێیدا پیاوێک دەردەکەوێت کە تەرمی قوربانییەکی بوومەلەرزەکەی تاهیتی فڕێدەدات.
ئەمانەش لەلایەن بودییەکانەوە دەستگیرنەکراون، بەڵکو کۆچبەری بۆرمان و لەلایەن پاسەوانانی بەنگلادشەوە دەستبەسەر کراون، وێنەکە هی ساڵی 2012ـیە.
No comments:
Post a Comment